فەرهاد زیرەک ئەو هونەرمەندە بەناوبانگەی کە بەدوای ناوبانگدا ناگەڕێت

بەشێکی گەورەی هەوادارانی میوزیک و گۆرانی لە کوردستاندا ئەوانەن کە گوێ لە گۆرانی بێژە میللی و ڕەسەنەکانی کوردەواری دەگرن، و یەکێک لە هونەرمەندە ناسراو و پڕ جەماوەریەکانی ئەو بوارە (فەرهاد زیرەک)ـە کە خاوەن کەسایەتیەکی تایبەتە و وەک شارەزایەکی مەقامی کوردی ناسراوە کە دەنگێکی بەرز و لێزانینێکی ئێجگار باشی لە مەقامی کوردی هەیە. بەڵام لەوەتەی لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردووەوە ناوبانگی دەرکردووە لە هیچ میدیایەکی بینراو و بیستراو و نوسراوەوە دەرنەکەوتووە تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت نووسەری ئەم ڕاپۆرتە ماوەی سێ ساڵە بەردەوام لە هەوڵی ئامادەکردنی دیدارێکە لەگەڵیدا سەرباری چەند دانیشتن و گفت و گۆیەک ئەو دواجار ڕەتی کردەوە بەناوی دیداری ڕۆژنامەوانی هیچ قسەیەک بکات.


ئەو گۆرانی بێژەی کە تاتڵیساس سەرسامە بە دەنگی تا ئێستا ستۆدیۆی نەبینیوە
تایبەتمەندیەکی فەرهاد زیرەک کە جێی نیگەرانی هەوادار و هاوڕێ هوندەرمەندەکانیەتی ئەوەیە کە تا ئێستا گۆرانیەکی تۆمارکراوی نیە لە ستۆدیۆ لەگەڵ گرووپە میوزیکیەکاندا. لەگەڵ ئەمەشدا تا ئێستاش لە هەولێر و دەورووبەری سەدان کاسێت و سیدی بڵاو بۆتەوە کە هەمووی هی دانیشتنەکانی بووە لەگەڵ هاوڕێ و هەوادارانی. هونەرمەند محمد ئەحمد ئەربیلی لەمێژە هاوڕێی فەرهاد زیرەکە کە بە ئێمەی ڕاگەیاند: فەرهاد زیرەک هونەرمەندێکی زۆر گەورەیە بەڵام بەداخەوە خۆی لە هونەرەکەی شاردەوە و عومری بەبا کرد، و ئەو لە سبەی تا ئێوارەوە هەر لەگەڵ برادەران گۆرانی دەگوت بەبێ ئەوەی یەک گۆرانیش لە ستۆدیۆ تەسجیل بکات" ئەربیلی گلەیی لە فەرهاد زیرەک دەکات لەبەر ئەوەی نەهاتۆتە نێو جەماوەری خۆی و نەچۆتە ستۆدیۆیەک و لەگەڵ گروپێکی میوزیکی باش گۆرانی تۆمار بکات. "زۆر پێم گۆت کوڕم وەرە لەگەڵمان بۆ تەلەفزیۆن و ڕادیۆ و تێکەڵی خەڵک بە، بەڵام بە گوێی مەی نەکرد، وەڵڵا فەرهاد زیرەک هونەرمەندێکی ڕوح سووک و زۆر لێ هاتووە"


تا ئێستاش خاوەن فراوانترین جەماوەری گەعدە میللیەکانە

فەرهاد زیرەک لە ماوەی نزیکەی ١٠ ساڵی ڕابردووەوە لەوپەڕی گۆشەگیریدا ماوەتەوە، تەنانەت کەمترین ئاهەنگی گێڕاوە لەم ماوەیەدا زیرەک لەبەر گۆشەگیری خۆیەوە چەندین جار باسی لەوە کردووە کە هونەرەکەی هیچی بۆ ژیانی ئەو نەگۆڕیوە و تا ڕاددەیەکی باش پشتگوێ خراوە.

لای خۆیەوە فاخیر هەریری گۆرانی بێژی میللی باسی لەوە کرد کە فەرهاد زیرەک دیاردەیە لە هەولێر و دەیان گەنج لاسایی ستایلی گۆرانی وتنی ئەو دەکەنەوە و ئەمەش لەبەر ئەوەی فەرهاد زیرەک هونەرمەندێکی گەورەیە و شێوازێکی زۆر تایبەتی هەیە لە گۆرانی وتن و دیاردەی مووس لە خۆدانی گەنجان لەگەڵ گۆرانیەکانی هیچ پەیوەندیەکی بە کاک فەرهادەوە نیە و دڵنیام کاک فەرهاد نایەوێت هیچ گەنجێکی ئەم وڵاتە ئازاری پێ بگات بەڵام گۆرانیەکانی زیرەک هەڵقوڵاوی ناخی گەنجەکانە. و لەگەڵ سەنتەرێکدا کە زۆربەی بەرهەمەکانی هونەرمەندی میللی لەلا بووە دواین و وتی: رۆژانە زیاتر لە ٢٠ کاسێت و سیدی هونەرمەند فەرهاد زیرەک دەفرۆشم و گەنج هەیە بەیەک جار داوای ١٠ سیدی فەرهاد زیرەک دەکات.